زانایان لە دروستکردنی جۆرە ڤاکسێنێک نزیکبوونەتەوە کە رێگری لە توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دەکات، ئەوەش بە بەکارهێنانی جۆرە پڕۆتینێک کە خانەکانی سیستمی بەرگری دژ بە خانە شێرپەنجەییەکان چالاکتر دەکات.
رەنگە ڤاکسینێکی نوێ کە زانایان کار لەسەر پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی دەکەن، مرۆڤایەتی لە توشبوون بە مەترسیدارترین نەخۆشی رزگار بکات کە ساڵانە ملیۆنان کەس دەکاتە قوربانی.
لە زانکۆی
(ساوسهامپتۆن) لە بەریتانیا، زانایان سەرقاڵی پەرەپێدانى ڤاکسینێکی دژ بە شێرپەنجەن،
ئەوەش دوای ئەوەی چۆنێتی هێرشکردنی خانە شێرپەنجەکانیان دژ بە خانەکانی سیستمی بەرگریی
جەستەی مرۆڤ بۆ ئاشکرابوو.
بە وتەی زانایان
خانە سروشتیە بکوژەکانی سیستمی بەرگریی کە مرۆڤ لە نەخۆشیەکان و هەوکردن دەپارێزن،
بەشێوەیەکی غەریزی توانای ناسینەوەی ئەو پڕۆتینەیان هەیە کە هانی دروستبوونی برینی
شێرپەنجە دەدەن و هێرش دەکەنە سەری.
لەو چوارچێوەیەدا
زانایان پێیان وایە بەکارهێنانی ئەو پڕۆتینە کە لە ناوکی خانەدایە و بە (XPO1) دەناسرێت، رەنگە
توانای چالاککردنی زیاتری ئەو خانە بکوژانەیان هەبێت تا لەڕێگەیەوە خانە شێرپەنجەییەکان
لەناوببات، کە ئەوەش وا دەکات کەسی توشبوو کەمتر پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری دژ
بەو نەخۆشییەی هەبێت.
سەرپەرشیاری
توێژینەوە زانستییەکە لە گۆڤاری (ساینس ئەدڤانسێس) ـدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر
لەو بڕوایەدا بوون خانە سروشتیە بکوژەکان لە سیستمی بەرگریی جەستیە مرۆڤ بە شێوەیەکی
هەڕەمەکی و بەبێ جیاوازی هێرش دەکەنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان، بەڵام راستییەکە ئەوەیە
کە ئەو خانە بکوژانە بە باشی توانای ناسینەوەی ئەو خانە شێرپەنجەییانەیان هەیە.
بە وتەی سەرپەرشیاری
توێژینەوەکە، خانە بکوژەکانی بەرگری جەستە هێرش ناکەنە سەر خانە ساغەکانی جەستە وەک
ئەوەی لە چارەسەری کیمیایی و چارەسەرە پزیشکییەکانی تر دەیکەن، بەڵکو تەنها خانە شێرپەنجەییەکان
دەکەنە ئامانج و لەناوی دەبەن، هەر بۆیە ڤاکسینە
نوێیەکە کاریگەریی لاوەکی بۆ سەر جەستەی نەخۆش نابێت.
هەر بەپێی توێژینەوەکە،
(زنجیرە کورتەکانی ترشە ئەمینییەکان) کە لە پرۆتینی (XPO1) وەرگیراون، خانە بکوژەکانی سیستمی
بەرگری جەستە هاندەدات هێرش بکەنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان.
لای خۆشیەوە
وتەبێژی زانکۆی (ساوسهامپتۆن) لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە، پەرەپێدانی چارەسەرەکە
کارێکی ناوازەیە و ئێستاش تیمە زانستییەکەیان سەرقاڵی پێشخستنی یەکەم ڤاکسینن لە جیهاندا
کە تیایدا خانە سروشتییەکانی سیستمی بەرگریی بۆ جەنگاندن دژ بە خانە شێرپەنجەکان و
لەناوبردنیان بەکاربهێنرێت.