سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: زیاتر لە ٣٠٠ ئاوارە لە هەولێرەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان

PM:05:21:28/08/2024

1252 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ٣١١ ئاوارە لە کەپەکانی هەولێرەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە نەینەوا و ئەنبار.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ٣١١ ئاوارەی کەمپی بەحرەکە لە هەولێر گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان لە نەینەوا و ئەنبار.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشیکی زۆری ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هەولێر دەیانەوێت بەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و وەزارەتیش بە پێدانی هاوکاری دارایی و بنیادنانەوەی ناوچەکانیان بەردەوام دەبێت لە هاندانیان بۆ گەڕانەوە.

هەفتەی رابردووش، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ٨٠٣ ئاوارە لە کەمپەکانی هەرشەم و بەحرکە لە سنووری هەولێر گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە نەینەوا. دەشڵێت، سەرجەم ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان هاوکاری دارایی و مرۆییان پێ دەدرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی ١١ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی سنووری سلێمانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و دواهەمین کەمپ لە ناوچەی عەربەت لە سنووری سلێمانی داخراوە و هیچ کەمپێک لەسنووری سلێمانی بوونی نەماوە، بەڵام هێشتا چەند کەمپێکی سنووری دهۆک و هەولێر ئاوارەیان تێدا نیشتەجێیە و کار بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەش دەکرێت.













گەلەری