سەردێڕ:

ئەمینداری گشتی رێکخراوی ئۆپیک گەیشتە بەغدا

AM:10:15:28/08/2024

3996 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت 'ئۆپیک' گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ چەند بەرپرسێکدا کۆببێتەوە.


هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتی رێکخراوی ئۆپیک گەیشتە بەغدا و سەردانەکەی ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، بەپێی خشتەی سەردانەکەشی بڕیارە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و چەند بەرپرسێکدا کۆببێتەوە.

لەو بارەیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، سەردانەکەی ئەمینداری گشتی ئۆپیک بۆ بەغدا بەمەبەستی باسکردنی پرسی بەبازاڕکردنی نەوت و دوایین پێشهاتەکانی ئەو بازاڕەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس لە باشترکردن و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەبارەی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتەوە دەکەن لە وڵاتانی بەشدار لە ئۆپیک و ئۆپیک پڵەسدا.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتى عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاندبوو، رێکخراوی ئۆپیک هۆشداری داوە لەوەی پشکی رێگەپێدراوی عێراق بۆ هەناردەی نەوت چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، بەڵام مانگی تەمموز رۆژانە چوار ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.

رێکخراوەکە بە وەزارەتى نەوتی عێراقی وتووە، نەوتی بە قاچاخ فرۆشراوی هەرێمیش لەسەر رێژەی فرۆشی گشتی عێراق هەژمار دەکەن و چیتر هەر بڕە نەوتێک لە هەرێمەوە هەناردەبکرێت، لە عێراقى کەمدەکەنەوە، تایبەت بەو پرسەش دوو رۆژ بەر لە ئێستا و لە ٢٦ی مانگدا، لیژنەیەک لە حكومەتی عێراق بۆ سۆراغی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر لە ڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە گەیشتە هەرێم.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا بە دووبارە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و بەو هۆیەشيوە ماوەی چەند رۆژێکە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش لەبارەی بڕیارەکە رایگەیاند، بڕیارەکە بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دراوە و ئەوانیش وەک وەزارەتی نەوتی عێراق، پابەندن بە سەرجەم بڕیارەکانی رێکخراوەکەوە، چونکە ئەو هەنگاوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکەیە.














گەلەری