سەردێڕ:

تەیف سامی: چاکسازیی بانکەکان متمانەی وەبەرهێنەران بە ئابووریی عێراق بەرزتر دەکاتەوە

PM:05:40:27/08/2024

1284 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی بەردەوامە، بەوپێیەی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئابووریی عێراق زیاتر بەزر دەکاتەوە و هۆکارە بۆ باشترکردنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییە بانکییانەی کە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەیەک لەبارەی رێکخستن و داڕشتنەوەی کەرتی بانکی بەتایبەت بانکەکانی رەشید و رافیدەین، لەگەڵ کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی ئێرنست ئەند یۆنگ بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوە کردەوە، رێکخستن و داڕشتنەوەی کارەکانی دامەزراوە داراییەکان گرنگە چونکە یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و زیادبوونی متمانەیان بە ئابووریی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخستن و داڕشتنەوەی کارەکانی دامەزراوە داراییەکان یارمەتیدەریشە لە بەرەوپێشبردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە بانکییەکان کە متمانەی هاوڵاتیان بە سیستمی بانکی بەرزتر دەکاتەوە.

ئەوەشی خستە روو، ئامانجیان ئەوەیە بانکە عێراقییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆدا قبوڵکراو بن و خزمەتگوزاری زیاتر و باشتر پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوامن لە بەهێزکردنی توانای دارایی بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی سەرمایەی ئابووری.













گەلەری