دوای نۆ مانگ لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ لابردنی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هێشتا ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە و پەرلەمانتارێکیش رەتی دەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە هەبێت.
فەهد راشد پەرلەمانتاری عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان کوتلە سیاسییەکاندا نییە بۆ دیاریکردنی کەسێک وەک سەرۆکی پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ گفتوگۆیەکی فەرمیش لە ئارادا نییە بۆ دیاریکردنی
وادەیەک یان کاتێکی دیاریکراو بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە.
ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا گرفتێکی سیاسی و بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ گۆڕینی
سیستمی ناوخۆی پەرلەمان، بە جۆرێک، هەندێکیان باس لەوە دەکەن، دادگای فیدڕاڵی پەیوەندی
بە کارەکانی ناوخۆی پەرلەمانەوە نییە، بەشێکیشیان پشتگیری دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کردووە، گۆڕانکارییە سیاسییەکان بە چەند خولەکێک
دەگۆڕێن و ناتوانرێت پێشبینی وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان
لەسەر ئەو پرسە بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، حەلبوسی دوو دۆسیەی لەدژ کرابووەوە و لە ١٤ی مانگی ١١ی
ساڵی رابردوودا، بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هات.
بەپێی بڕگەی سێیەمی بەندی ١٢ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە هەر هۆیهك ئهگهر
پۆستی سهرۆكی پەرلەمان یان یهكێك له دوو جێگرهكهی بهتاڵ بوو، بهپێی
پرنسیپی هاوسهنگی سیاسی نێوان لیستهكان، پەرلەمان لە یەکەم دانشتنیدا كهسێك وەک
جێگرەوەی هەڵبژێرێت، بەڵام دوای نۆ مانگ هێشتا ئەو پۆستە بەتاڵە.
محەمەد حهلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی
عێراقی وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو،
توانی زۆرترین دەنگی نێو پێکهاتە سونییەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی پەرلەمانیش
هەڵبژێردرایەوە.