سەردێڕ:

عێراق: هەنگاوی جددیمان ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی نەوت

PM:04:15:26/08/2024

7472 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکاری بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێوشوێنی جددیان گرتووەتە بەر بۆ کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی نەوت.


ئەمڕۆ دووشەممە، حسێن تاڵب بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکاری بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، لەمساڵدا ریوشوێنی جددیان گرتووەتە بەر بۆ کۆتایی هێنان بە فرۆشتنی نایاسایی نەوت و بەرهەمەکانی.

ئەوەشی خستە روو، لەمساڵدا لە ئەنجامی ئەو رێکارانەی کۆمپانیای دابەشکاری بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق گرتوویەتیە بەر قاچاخچێتی بە نەوتەوە کەمی کردووە و بە وردیش چاودێری ئەو کارە دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دواى هۆشدارییەکەى ئۆپێک بە وەزارەتى نەوتى عێراق و سۆراغەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ لیژنەیەك لە حكومەتی عێراق بۆ سۆراغی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر لە ڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە گەیشتە هەرێم، بەر لە گەیشتی لیژنەکەش پارتی و یەکێتی سەرجەم تانکەرەکانیان ئاودیو کرد.

لەو بارەیەشەوە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، "ئۆپیک لەبارەی فرۆشتنى نەوتی هەرێم بە قاچاخ هۆشداری پێداوین".

وەزارەتی نەوتى عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاندبوو، رێکخراوی ئۆپیک هۆشداری داوە لەوەی پشکی رێگەپێدراوی عێراق بۆ هەناردەی نەوت چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، بەڵام مانگی تەمموز رۆژانە چوار ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.

رێکخراوەکە بە وەزارەتى نەوتی عێراقی وتووە، نەوتی بە قاچاخ فرۆشراوی هەرێمیش لەسەر رێژەی فرۆشی گشتی عێراق هەژمار دەکەن و چیتر هەر بڕە نەوتێک لە هەرێمەوە هەناردەبکرێت، لە عێراقى کەمدەکەنەوە.

بەپێى تازەترین زانیارییەکان، یەکێتی و پارتى لە دەروازە سنورییەکانی پەروێزخان، باشماخ، حاجى ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە رۆژانە نزیکەى ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى وڵاتانى ناوچەکە دەکەن و داهاتى ئەم نەوتە قاچاغەش مانگانە بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.













گەلەری