وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، تایبەت بە بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان، کەشتییەکی دیکەی برنجی تایلەندی گەیشتووەتە سنوورە ئاوییەکانی عێراق.
ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای گشتی بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، کەشتییەک کە هەڵگری زیاتر لە ٤١ هەزار تۆن برنجی تایلەندییە گەیشتە بەندەری ئوم قەسر.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای ئەنجامدانی
پشکنین بۆ برنجەکە و دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و گونجاوی؛ برنجەکە بەسەر لقەکانی
کۆمپانیاکەدا دابەش دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، دواتر برنجەکە بەسەر
بریکارەکانی خۆراکدا لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا دابەش دەکرێت و ئەوانیش وەک
یەکێک لە پێکهاتەکانی بەشەخۆراک مانگانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بە مەبەستی دابینکردنی
پێداویستی هاوڵاتیان و نەبوونی کەموکوڕی لە بەشەخۆراکی مانگانەدا، عێراق بەردەوامە
لە هاوردەکردنی برنجی تایلەندی.