سەردێڕ:

بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حسێن؛ زیاتر لە سێ ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە عێراق

PM:02:37:24/08/2024

2820 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ١٨ رۆژدا، زیاتر لە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار زیارەتکار، بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حسێن هاتوونەتە عێراق.


ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە رۆژی ٦ـی ئەم مانگەوە تا ٢٣ـی ئەم مانگە، سێ ملیۆن و ٣٦٧ هەزار و ٤٤٩ کەس لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاتوونەتە عێراق.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو زیارەتکارانە لە دەروازە سنوورییەکانی، سەفوان، شەلامجە، شیب، زەرباتیە، مەنزوریە، قائیم، فڕۆکەخانەی بەغدا، فڕۆکەخانەی نەجەف لە سنووری عێراق و دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماغ لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە عێراق.

ئەوەش خراوەتە روو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە رێگەی ئەو دەروازانەوە عێراقیان بەجێ هێشتووە، دوو ملیۆن و ٢٢١ هەزار و ٧٠ کەس بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سبەی یەکشەممە، رێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن لە عێراق بەڕێوە دەچێت و پێشبینیش دەکرێت هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ملیۆنان کەس بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.













گەلەری