وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم ئاشکرا کرد و باس لەوەدەکات، ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەیە و نایاسایش نییە. هاوکات، دوای ١٠ ساڵ لە گرفتی مووچە و لێبڕین و پاشەکەوت؛ تازە دەڵێت: هیوادارین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو گرفتە چارەسەر ببێت.
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لە راگەیانراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان هۆکار نین بۆ دواکەوتنی مووچە و ئەو تۆمەتانە ناڕاستن کە هۆکارەکەی دەداتە پاڵ وەزارەتی دارایی هەرێم لەکاتێکدا هەر خۆی لە راگەیانراوەکەدا دان بە هەبوونی ناوی دووبارەدا دەنێت و دەڵێت، چەند ناوێکی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەیە و لە هەرێم رێگەپێدراوە.
لە راگەیانراوەکەدا هاتووە، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانەی
لە لیستەکەدا دووبارەن هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن و دۆسیەی
تەواویان هەیە، لە حکومەتی عێراقیش سودمەندن
لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی. دەشڵێت، لەجیاتی راگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی
دارایی عێراق هاوکارییەکە رابگرێت.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، "هەندێک حاڵەتی بوونی مووچە و هاوکاری لە یەک کاتدا بەپێی یاسا
لە هەرێمی کوردستان رێگەپێدراوە، بۆیە دەبوو لەگەڵ ئێمە بەدواداچوون بکەن، رەنگە
هەندێک لەو حاڵەتانە نایاسایی نەبن".
وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەند کەسێک هەیە ناوی چوارییان دووبارەیە،
بەڵام ناوی دایک و تەمەنیان جیاوازە.
باسی
لەوەشکردووە، پڕۆسەی بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم تەواو نەبووە و بەشێکی مووچەخۆرانی
هەرێم لە دەرەوەی وڵات دەژین، داواش دەکات عێراق کار لەسەر کارتی نیشتیمانی بکات
نەوەک بایۆمەتری.
حکومەتی کاربەڕێکەر
هیچ پاساوێکی بۆ مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى دیکەی
کەرکوک کە میلاکیان لەسەر هەرێمە نەهێناوەتەوە و تەنها رایگەیاندووە، ئەوە کێشەیەکی
کۆنە و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بەردەوامە و دەبێت رێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت.
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر روونیشیکردووەتەوە،
دەبوو مووچەکانی مانگی شەش و حەوتی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق بوایە، بەڵام
ئەوان لیستی مووچەی مانگی هەشتیان بە هاوتاکراوی ناردووە و بەوەش بڕی پارەی
تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێم ٥٤ ملیار و ٢٠٨ ملیۆن دینار زیادیکردووە. لەکاتێکدا
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە گرفتی زیادبوونی پارەی مووچە هەیە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر
دەڵێت، تەنها لە لیستی مووچەی مانگی هەشتدا ئەو زیادکردنە روویداوە.
دوای ١٠ ساڵ حکومەتی کاربەڕێکەر هیوادەخوازێت کۆتایی ئەمساڵ کێشەی مووچە چارەسەر ببێت
دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ساڵی ١٩٩٢ـەوەوە لە بواری
سیاسی و کارگێڕی و دارایی و ژمێریارییەوە لە حکومەتی عێراق دابڕاوین و یەکخستنەوەی
کارەکان قورس و ئاڵۆزە. لەکاتێکدا بەشەبودجەی هەرێم تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ش لەلایەن
عێراقەوە دەنێردرا و لە ٢٠١٤ کە هەرێم گرێبەستی سەربەخۆی نەوتی ئەنجامدا و سیاسەتی
ئابووری سەربەخۆی دەستپێکرد عێراقیش بەشەبودجەکەی بڕی.
ئێستاش دوای ١٤ ساڵ لە گرفتی
دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە و لێبڕێن و پاشەکەوتی دەیان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم،
تازە بە تازە لە راگەیەنراوەکەیدا وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر هیوادەخوازێت
بۆ چارەسەر و دەڵێت: "ئومێدەوارین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم گرفتەکانی
مووچە چارەسەر بکرێن".
گرفتی دواکەوتنی مووچە سیاسییە نەک کارگێڕی و دارایی و ژمێریاریی
حکومەتی
کاربەڕێکەر رایگەیاندووە، با خانەنشینان بڕیار بدەن کە گرفتی دواکەوتی مووچە پرسێکی سیاسییە نەک دارایی و
ژمێریاریی و رەخنەی هەیە لە حکومەتی عێراق و دەڵێت، دوای ٣١ رۆژ لە ناردنی لیستی
مووچە بڕیاری خەرجکردنی یەک ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دیناری مووچەیان داوە. لەکاتێکدا
خۆی داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا نەکردووە و ناشزانرێت ئەو داهاتە چی لێدەکرێت.
حکومەتی کاربەڕێکەر دەست بۆ داهاتی ناوخۆ نابات
سەرەڕای بوونی
داهاتی ناوخۆ و زیادکردنی باج؛ حکومەتی کاربەڕێکەر لە پارەی داهاتی ناوخۆی خۆی
دەست بە دابەشکردنی مووچە ناکات؛ مانگی رابردووش بەهەمان شێوە دەستی لە داهاتی
ناوخۆ نەدەدا، تاوەکو لە کۆتایی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشدا هێشتا بەغدا بەهۆی
بوونی گرفت لە لیستەکەدا پارەی مووچەی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی کارەبای
نەناردبوو، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە دوای ١٠ مانگ دەستی بۆ داهاتی ناوخۆ برد
و دەستیکرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی پەرلەمان.
هـ.ئـ