سەردێڕ:

بەهێزترین شەپۆلی گەرما روو لە عێراق دەکات؛ هۆشداری دەدرێت

PM:06:00:20/08/2024

12068 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی کەشناسی لە عێراق رایگەیاند، لە پێنجشەممەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەهێزی گەرما روو لە عێراق دەکات و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، شەپۆلەکە بە بەهێزترین شەپۆلی گەرما لەم وەرزەدا دادەنرێت. هاوکات، داوا لە دامودەزگاکان دەکات لەو ماوەیەدا دەوامی فەرمی رابگرن.


ئەمرۆ سێشەممە، عەلی جابر شارەزای کەشناسی لە عێراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان، بەهێزترین شەپۆلی گەرمای ئەم وەرزە ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە و دوو سبەی پێنجشەممە دەستپێکی شەپۆلەکە دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، شەپۆلەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و لە بەشێک لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاست، پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.

باسی لەوەش کرد، داوا لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکات دەوامی فەرمی رابگرن چونکە پلەکانی گەرما بۆ ٥٠ پلە بەرز دەبنەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی حاڵەتەکانی سەرگێژخواردن و بورانەوەی هاوڵاتیان لەکاتی کارکردن دەبێت.

بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرما ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە لەکاتی چوونە دەرەوە:

١. خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو تا لەش بەدووربێت لە وشکبوونەوە.

٢.کاتژمێر ١٠ تا ٤ـی عەسر لە ماڵەکانتان بمێننەوە و خۆتان بەدووربگرن لە چوونەدەرەوەی ناپێویست.

٣. بەکارهێنانی دژە خۆر و شێدارکەرەوەی پێست لەکاتەکانی بەیانیان و نیوەڕواندا.

٤. بەکارهێنانی چاویلکەی تایبەت بە خۆر و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی وردبین یاخود ئەو چاویلکانەی کە تیشک دەدەنەوە.

٥. بەکارهێنانی کڵاو و خۆبەدوورگرتن لە مانەوە لەژێر تیشکی خۆردا بۆ ماوەیەکی زۆر، یاخود بەکارهێنانی چەتری سپی و چوونە بەر سێبەری درەختەکان.


 













گەلەری