سەردێڕ:

لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە قاهیرە

PM:12:34:20/08/2024

1092 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی قەتەر و ئەمریکا و میسڕ بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆتایی هێنان بە سەردانەکەی لە تەلئەبیب گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسڕ و چاوەڕی دەکرێت لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسڕ و عەباس کەمال سەرۆکی هەواڵگری میسڕ کۆببێتەوە.

دوێنێش، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاندبوو، پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی جەنگی غەززە لە هەر هەنگاوێک دووربکەونەوە کە ببێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، چەنکە هەوڵەکان بۆ ئاگربەست بەردەوامن.

باسی لەوەشکردبوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رازی بووە بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و تەنها رازیبوونی حەماس ماوە.

لە ٣١ـی حوزەیراندا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنووسێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد کە بە سێ قۆناغ دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا شەش هەفتە بە تەواوی ئاگربەست دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە و بارمتە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی دووەمدا، سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بە دیلە سەربازییەکانیشەوە و سەرجەم سەربازەکانی ئیسرائیل غەززە چۆڵ دەکەن و لە کۆتا قۆناغیشدا غەززە بنیاد دەنرێتەوە و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەدرێتەوە بە خێزانەکانیان.













گەلەری