تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە، ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٢٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٢ کەسی تریش بریندار بوون.
تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە، ٤٠ هەزار کەسی تێپەڕاند و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە سەروو ٩٠ هەزار کەس.
بە گوێرەی
ئامارەکان، بەهۆی جەنگەوە، ٥٩.٣٪ـی باڵەخانەکانی غەززە رووخاون و ٦٠٪ـی خانووەکانی
کەرتەکە بە تەواوی رووخاون و ٨٥٪ـی قوتابخانەکانیش رووخاون و لە ٣٦ نەخۆشخانە ١٦ـیان
ماون.
ئەوەش خراوەتە
روو، هەموو قوتابییەکانی غەززە لە خوێندن بێبەش بوون و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار فەڵەستینی
رووبەڕووی خراپی ئاسایشی خواردن دەبنەوە و ٦٥٪ـی شەقامەکانی غەززە تێکچوون.
ئەوەش هاتووە،
لە جەنگەکەدا ٩٢ هەزار و ٤٠١ فەڵەستنی بریندار بوون و دوو هەزار و ٢٠٦ سەربازی ئیسرائیلیش
بریندار بوون و چوار هەزار و ٨٠٠ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلیش بریندار بوون.
لە ئامارەکاندا
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا ١.٩ ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون کە ئەوەش ٨٦٪ـی
دانیشتوانی کەرتەکەیە و ١٪ـی ئیسرائیلییەکانیش لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.
ماوەی ١٠ مانگە
جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و دوایین ئاماری قوربانیانی جەنگی غەززەش
ئاشکرای کردووە، تا ئێستا زیاتر ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.