سەردێڕ:

راگەیەنراوی ئەمریکا و میسر و قەتەر لەبارەی ئاگربەست لە غەززە

PM:06:40:16/08/2024

4592 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٤٨ کاتژمێر لە دانوستانەکانی ئەمریکا و میسر و قەتەر لەگەڵ ئیسڕائیل بەبێ بەشداری حەماس بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە، هەریەکە لە وڵاتانی ناوبژیوان بڵاویان کردەوە، لە ئێستادا رێگا خۆش بووە بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە بەرپرسانی باڵای میسر و قەتەر و ئەمریکا و ئیسڕائیل لە قاهیرە لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە کۆدەبنەوە.


ئەمڕۆ هەینی، هەریەکە لە وڵاتانی ناوبژیوانی ئەمریکا و میسر و قەتەر راگەیانراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێێدا هاتووە، دانوستانەکان بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست لەغەززە لە نێوان هەرسێ وڵات لەگەڵ ئیسڕائیلدا و بەبێ ئامادەبوونی حەماس، بە ئەرێنی بەڕێوەچوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و میسر و قەتەر و ئیسڕائیل لە قاهیرە لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە کۆدەبنەوە تاوەکو بتوانن بگەن بە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست.

ئەوەش خراوەتە روو، سەرجەم تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئاگربەست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە لەبەردەم ئاگربەستدا.

باس لەوەش کراوە، لە ئێستادا رێگا خۆش بووە لەبەردەم رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی و هێورکردنەوەی گرژییەکانی غەززە.

لە ٣١ـی حوزەیراندا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنووسێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد کە بە سێ قۆناغ دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا شەش هەفتە بە تەواوی ئاگربەست دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە و بارمتە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی دووەمدا، سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بە دیلە سەربازییەکانیشەوە و سەرجەم سەربازەکانی ئیسرائیل غەززە چۆڵ دەکەن و لە کۆتا قۆناغیشدا غەززە بنیاد دەنرێتەوە و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەدرێتەوە بە خێزانەکانیان.













گەلەری