سەردێڕ:

لە دووەم رۆژی گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەززەدا؛ رێگرییەکان چین؟

AM:10:03:16/08/2024

1276 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ گەڕێکی دیکەی گرفتوگۆکانی ئاگربەست لەنێوان شاندی میسر و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەستی پێکرد و دوای حەوت کاتژمیر لە گفتوگۆکردن، ئەمڕۆش گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.


ئەمڕۆ هەینی، رۆژی دووەمی گفتوگۆکانی شاندی میسر و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و راگرتنی جەنگ لە غەززە.

میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردووەتەوە دیاترین مەرجەکانی ئیسرائیل دەستگرتنە بەسەر سەنگەری سەڵاحەدیندا، چونکە پێی وایە حەماس لەو سەنگەرەوە چەک دەگوازێتەوە بۆ چەکدارانی.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئیسرائیل داواشی کردووە سەجەم ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە بۆ غەززە بپشکێنرێن بەڵام حەماس بە توندی ئەو مەرجە رەت دەکاتەوە، ئیسرائیلیش بە توندی رەتی دەکاتەوە ئەو زیندانییە فەڵەستنییانە رزگار بکات کە بە زیندانی هەتا هەتایی سزا دراون.

ئەوەشیان خستووەتە روو، ئیسرائیل داوا دەکات سەجەم زیندانییە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن، بەڵام حەماس باسی لەوە کردووە هەموو زیندانییەکان لای ئەوان نین و بەشێکیان لای گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکانن و حەماس دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە.

باسیان لەوەش کردووە، حەماس سورە لەسەر مەرجی کشانەوەی سەجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتایی هێنان بە بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە.

دوێنێ، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، خولێکی نوێی دانوستانەکان لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە بە نوێنەرایەتیی ئەمریکا و میسر و قەتەر و ئیسڕائیل بەڕێوە دەچێت. لە بەرامبەریشدا، حەماس بڕیاری داوە بەشداری دانوستانەکە نەکات.













گەلەری