١٠ مانگ لە جەنگی غەززە، زیاتر لە ٤٠ هەزار فەڵەستینی بەهۆی جەنگەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە، لە بۆردوومانەکانی لوبنانیشدا ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا عەرەبییەکان لە زاری سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی تەندروستی غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نوێترین ئاماری ١٠ مانگی جەنگی غەززەیان بڵاوکردەوە.
لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، لە ١٠
مانگی جەنگدا ٤٠ هەزار و پێنج فەڵەستینی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و لە بەشی
رۆژئاوای فەڵەستینیش ٦٣٢ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و لە بەرامبەریشدا هەزار و
٢٠٠ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە.
باس لەوەش کراوە، ٥٩.٣٪ـی باڵەخانەکانی غەززە
رووخاون و ٦٠٪ـی خانووەکانی کەرتەکە بە تەواوی رووخاون و ٨٥٪ـی قوتابخانەکانیش
رووخاون و لە ٣٦ نەخۆشخانە ١٦ـیان ماون.
ئەوەش خراوەتە روو، هەموو قوتابییەکانی غەززە
لە خوێندن بێبەش بوون و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار فەڵەستینی رووبەڕووی خراپی ئاسایشی
خواردن دەبنەوە و ٦٥٪ـی شەقامەکانی غەززە تێکچوون.
ئەوەش هاتووە، لە جەنگەکەدا ٩٢ هەزار و ٤٠١
فەڵەستنی بریندار بوون و دوو هەزار و ٢٠٦ سەربازی ئیسرائیلیش بریندار بوون و چوار
هەزار و ٨٠٠ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلیش بریندار بوون.
لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا
١.٩ ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون کە ئەوەش ٨٦٪ـی دانیشتوانی کەرتەکەیە و ١٪ـی ئیسرائیلییەکانیش
لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.
ماوەی ١٠ مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل
بەردەوامی هەیە و دوایین ئاماری قوربانیانی جەنگی غەززەش ئاشکرای کردووە، تا ئێستا
زیاتر ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.