سەردێڕ:

بەبێ بەشداریی حەماس؛ خولێکی نوێی دانوستان بۆ ئاگربەستی غەززە ئەنجام دەدرێت

AM:09:00:15/08/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، خولێکی نوێی دانوستانەکان لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە بە نوێنەرایەتیی ئەمریکا و میسر و قەتەر و ئیسڕائیل بەڕێوە دەچێت. لە بەرامبەریشدا، حەماس بڕیاری داوە بەشداری دانوستانەکە نەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بە نوێنەرایەتیی ئەمریکا و قەتەر و میسر و ئیسڕائیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر،گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەستەوە لە غەززە دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، حەماس بڕیاری داوە بەشداری ئەو دانوستانە نەکات و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی لەڕێگەی زیادکردنی داواکارییەکانیەوە، خۆی دەدزێتەوە لە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر، داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد، دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە تێک نەدەن.

لە ٣١ـی حوزەیراندا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنوسێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد کە بە سێ قۆناغ دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا شەش هەفتە بە تەواوی ئاگربەست دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە و بارمتە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی دووەمدا، سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بە دیلە سەربازییەکانیشەوە و سەرجەم سەربازەکانی ئیسرائیل غەززە چۆڵ دەکەن و لە کۆتا قۆناغیشدا غەززە بنیاد دەنرێتەوە و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەدرێتەوە بە خێزانەکانیان.













گەلەری