سەردێڕ:

لە عێراق هەزاران کەس تووشی بەرزیی پەستانی خوێن بوون بەبێ ئەوەی خۆیان پێی بزانن

PM:03:30:14/08/2024

3388 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستیی عێراق رایگەیاندووە، لە توێژینەوەیەکی ١٠٠ رۆژیدا، رۆژانە پشکنینیان بۆ گرووپێک لە خەڵک کردووە، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیان تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوون بەبێ ئەوەی خۆیان بیزانن.


سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاندووە، وەزارەتەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی کۆمەڵایەتیدا بۆ ئاشکراکردنی توشبووانی بەرزی پەستانی خوێن، بۆماوەی ١٠٠ رۆژ پشکنینی بۆ زیاتر لە ١٩٦ هەزار هاوڵاتی ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پڕۆژەکەدا زیاتر لە ١٩٦ هەزار هاوڵاتی لە هەردوو رەگەز، لە بازاڕ و دامەزراوە گشتی و تایبەتەکاندا؛ رۆژانە چەند جارێک پشکنینیان بۆکراوە و دەرکەوتووە، کە زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیان تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوون بەبێ ئەوەی خۆیان بیزانن.

ئەوەش هاتووە، لەو گرووپەی پشکنینیان بۆ کراوە رێژەی ١١٪یان تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوون و ٨٣٪یان تووشی نەبوون.

دەشڵێت، پڕۆژەکە لە ناوچە جیاوازەکانی دیکەی عێراق بەردەوام دەبێت و پشکنینی شەکرە و پەستانی خوێنیان بۆ دەکرێت، بۆئەوەی زیاتر لەبارەی تەندروستی هاوڵاتییانەوە بزانن.

داواشی لە هاوڵاتییان کرد، هاوکاری تیمە تەندروستییەکان بن بۆئەوەی بتوانن پێشوەختە لە هەر مەترسییەک ئاگادار بن و خۆیان بپارێزن.

بەرزی پەستانی خوێن چییە و چۆن دەزانیت تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوویت؟

بەرزی پەستانی خوێن ( Hypertension ) بەشێوەیەکی ئاسایی بریتیە لە جیاوازی پەستانی نێوان ئەو خوێنەی دڵ پاڵی پێوە دەنێت     ( Systolic ) کە پێویستە ١٢٠ بێت، هەروەها ئەو هێزەی لە دیواری خوێنبەرەکاندا رووبەڕووی ئەو پەستانی خوێنە دەبێتەوە ( Distolic ) کە پێویستە ٨٠ بێت، کە لەکاتی پشکنیندا بە ١٢ بە ٨ ناودەهێنریت، ئەگەر رێژەکە لە ١٤ بە ٩ زیاتر بێت، واتە لە ١٤٠ بە ٩٠، ئەوا دەبێتە بەرزی فشاری خوێن.

مەرج نییە کەسێک کە یەکجار یان دووجار پەستانی خوێنی بەرزبوو تووشی نەخۆشییەکە بووبێت.

لەوانەیە کەسێک بەرزی پەستانی خوێنی هەبێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی هەبێت، بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان هەیە و چارەسەر وەرناگرن یان بە شێوەیەکی نا ڕێک چارەسەر وەردەگرن ئەوا دوای چەندین ساڵ ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی دەماغ هەیە.

زۆرینەی ئەو کەسانەی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نییە لەکاتێکدا پەستانی خوێنیان بەرزە، هەندێکیشیان تووشی "سەرئێشە، بەربوونی خوێنی لوت، گێژبوون و بێهێزی، هەناسەتوندی، دڵتێکەڵهاتن" دەبن.

دوو جۆرە بەرزە پەستانی خوێن هەیە، کە یەکەمیان بە سەرەتایی ناودەبێت و هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، بە تێپەڕبوونی ساڵ دروست دەبێت. دووەمیشیان بە بەرزەپەستانی خوێنی دووەمی ناسراوە و ٩٥٪ی حاڵەتەکان ئەم جۆرەیانن، کە لەپڕ دروست دەبێت.

بەشێک لەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی ئەو جۆرە بەرزەپەستانە بریتین لە؛ کێشەی گورچیلەکان، گرێی سەر ڕژێنەکانی سەر گورچیلە، ئەو کەسانەی نەخۆشی زکماکی بۆڕییەکانی خوێنیان هەیە، هەندێک دەرمانی وەک: حەبی مەنع، کۆکاین، ئەمفیتامین.

لە هۆکارەکانی توشبوون بە بەرزی پەستانی خوێنیش: هەڵکشانی تەمەن، ڕەچەڵەک بە شێوەیەکی گشتی لە رەشپێستەکاندا زیاترە، بۆماوەیی، قەڵەوی، ناچالاکی و وەرزشنەکردن، جگەرەکێشان، خواردنی سوێر، ئەو کەسانەی لە خواردنەکانیاندا بڕی پێویست پۆتاسیۆم یان ڤیتامین دی وەرناگرن، خواردنەوە کحولییەکان، سترێس و قەلەقی بەردەوام، زیادبوونی رێژەی کۆڵیسترۆڵ لە لەشدا، نەخۆشی شەکرە، هەندێک جار لە کاتی سکپڕیش بەرزی پەستانی خوێن دروست دەبێت.
هـ.ئـ













گەلەری