وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ٣٠٠ خێزانی ئاوارە کە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شنگال، بڕی چوار ملیۆن دینار هاوکاری داراییان بەسەردا دابەش کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەردەوامی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ ٣٠٠ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شنگال.
باسی لەوەش کردووە، لەلایەن تیمەکانی وەزارەتەوە، بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ
هەر خێزانێک بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش کراوە کە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئەوەشی خستووەتە روو، تیمەکانی وەزارەتەکە بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی
هاوکاری دارایی بەسەر ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانەوە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا هیچ کەمپێکی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی
بوونی نەماوە، ئەوەش لە ئەنجامی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، تەنها
لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر ژمارەیەک کەمپ ماون کە هێشتا ئاوارەیان تێدا نیشتەجێن
و کار بۆ گەڕانەوەی ئەوانیش دەکرێت تاوەکو سەرجەم کەمپەکان دابخرێن.