بەهۆی هێرشێک بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سوریا ژمارەیەک سەربازیان بریندار بووە و بەرپرسانی هێزەکەش دەڵێن، برینەکان سوکن و سەخت نین.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ژمارەیەک سەربازی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بریندار بوون.
لەماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم هێرشی گەورە بووە کە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدرابێت، کە هەفتەی رابردوو لە رێگەی کاتیۆشاوە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزەکانی
ئەمریکای تێدایە بۆردومانکرا و میدیا عێراقییەکانیش لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە رایانگەیاند،
بەهۆی ئەو هێرشەوە ١٤ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
ئەمریکا ٩٠٠ سەربازی لە سوریا و دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازیشی لە عێراق
بڵاوەپێکردووە. بەرپرسانیش باس لەوەدەکەن، ئەوان لە ئەرکدان بۆ هەماهەنگیکردن
لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە، بۆ پاراستنی لە چالاکی شانە نوستووەکان و مەترسی دووبارە
سەرهەڵدانەوەی گروپی چەکداریی داعش.