PM:06:30:10/08/2024
1184 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، حکومەت پلانی هەیە بۆ چاندنی ژمارەیەکی زۆر دارخورما و لە قۆناغی یەکەمدا دوو ملیۆن دارخورمایان چاندووە. دەشڵێت، بەهۆی گەڕانەوەی جوتیاران بۆ سەر چاندنی دارخورما، ساڵی رابردوو عێراق ٦٥٠ هەزار تۆن خورمای هەناردە کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو ژمارەی دارخورما لە عێراق زیاتر لە ٣٣ ملیۆن دار بوو، بەڵام بەهۆی شەڕەوە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ژمارەی دارخورما کەمی کرد بۆ هەشت ملیۆن دار.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی ئێستای عێراق هەوڵدەدات بۆ زیندووکردنەوەی
چاندنەوەی دارخورما و سەرکەوتووبوونە لە چاندنی دوو ملیۆن دارخورما لە قۆناغی یەکەمدا.
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا عێراق خاوەنی ٢٢ ملیۆن دارخورمایە و ئەو ژمارەیەش
بۆ یەکەمین جارە لە دوای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە.
ئەوەشی خستە روو، زۆرێک لەو جوتیارانەی دەستیان لە چاندنی دارخورما هەڵگرتبوو،
بەهۆی پلانەکانی حکومەتەوە گەڕانەوە سەر کارەکانیان و ئەوەش وای کرد تەنها لە ماوەی
ساڵی رابردوودا عێراق ٦٥٠ هەزار تۆن خورما هەناردە بکات.