وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی ئاردی سفر لە ناوخۆدا و تەرخانکردنی بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان، لەگەڵ پێنج کارگەی گەورە گرێبەستیان ئەنجام داوە. دەشڵێت، ساڵانە بڕی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار لەڕێگەی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە لە ناوخۆدا دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بە ئامانجی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە ناوخۆی وڵاتدا، گرێبەستیان لەگەڵ پێنج کارگەی گەورە ئەنجام داوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، پێشتر بۆ دابینکردنی ئاردی سفر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، عێراق ساڵانە بە
بەهای ٧٥٠ ملیۆن دۆلار ئاردی سفری لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکرد، بەڵام لە
ئێستادا بەهۆی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە لە ناوخۆدا ساڵانە ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێتەوە
بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
باسی لەوەش
کرد، وەزارەتەکە خاوەنی ١٩٦ کارگەیە کە بەردەوام پاڵپشتی بەشەخۆراکی مانگانەی
هاوڵاتیانیان کردووە لەڕێگەی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی بەشەخۆراک و چارەسەرکردنی
کەموکوڕییەکان.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی
جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە دانەوێڵەی ناوخۆیی، چەندین کارگەی نوێی
تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر دەکەنەوە.
پێشتریش، ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بەوپێیەی لەمساڵدا
بەرهەمهێنانی گەنم لە ناوخۆی عێراقدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە، دەست دەکەن بە
جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بە کوالێتییەکی بەرز و بە نرخێکی
پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان.