سەرۆک وەزیرانی عێراق کردنەوەی وێستگەیەکی کارەبای لە کەرکوک بە توانای ٣٢٠ مێگاوات راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، " هەنگاوەکانمان بۆ دۆزینەوە و زیادکردنی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان بەردەوامە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە بەردەوامی هەوڵەکانیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، بەشێکی زۆر لە وێستگەکانی کارەبا و پڕۆژەکانی پەیوەست بە زیادکردنی کارەبای نیشتیمانی تەواو بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، کردنەوەی وێستگەی (دوبس غازی) لە پارێزگای کەرکوک
رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی کارەبای نیشتیمانی بەوپێیەی لەتوانایدایە
٣٢٠ مێگاوات کارەبا بدات.
باسی لەوەش کرد، لەچوارچێوەی دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان لە بەکارهێنانی
وزە بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا و تەواوکردنی پڕۆژە تەواو نەکراوەکان، لەم نزیکانەدا
هەڵمەتێکی نوێ بۆ نۆژەنکردنەوە و کردنەوەی وێستگەکانی کارەبا دەست پێدەکەن کە یەکێک
لە وێستگەکان توانای بەرهەمهێنانی ٤٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، زیاد عەلی وەزیری کارەبای
عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا گەیشتووەتە ٢٧ هەزار
و ٥٥٠ مێگاوات، ئەوەش بۆ یەکەم جارە بەرهەمهێنانی کارەبا بگاتە ئەو ئاستە.
هاوکات، حکومەتی عێراق بەردەوامە لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی غاز و
کردنەوەی وێستگەی نوێ کە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، یارمەتیدەر
دەبن لە کەمکردنەوەی سووتان و بەفیڕۆچوونی غاز کە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٨ بەتەواوی کۆتایی
پێبهێنرێت.