پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئامادەنەبوونی هەندێک بەڕێوەبەری فەرمانگەی جیاجیا، کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری داراییدا دوا خراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و تەیف سامی وەزیری درایی عێراق دوا خراوە.
باسی لەوەش کرد، تەیف سامی وتویەتی، هەندێك بەڕێوەبەری فەرمانگەی جیاواز هەن
کە دەبێت لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵیدا بن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بەڕێوەبەرانە بەشێکیان
لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتن، کۆبوونەوەکە دوا دەخرێت بۆ کاتێکی تر.
بڕیار بوو ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر
چەند پرسێکی تایبەت بە مووچە و بودجە کۆ ببنەوە، کە بەشێك لە کۆبوونەوەکە تایبەت دەبوو
بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بەبانکیکردنی مووچەکانیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی تەمووزیان وەرنەگرتووە،
چاوگێکیش لە حکومەتی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وردبینی لیستی مووچەی مانگی حەوتی
مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران
بە هێزە ئەمنییەکانیشەوە رەوانەی هەرێم بکرێت.
گۆران عەبدوڵا - بەغدا