وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، لە هیچ هێرشێك خۆشنابن كە بکرێتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەڵامی توندیان دەبێت.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا سەرەڕاى ئیدانەکردنى هێرشەکەى شەوى دووشەممە بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە هیچ هێرشێك خۆشنابن بكرێتە سەر هێزەكانیان لە ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەڵامی توندی سەرجەم ئەو لایەنانە دەدەنەوە کە دەستیان هەیە
لە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قسەكانی وەزیری بەرگریی ئەمریكا دوای ئەو هێرشە هات كە شەوی دووشەممە کرایە
سەر بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بەهۆیەوە حەوت سەربازی ئەمریكا بریندار
بوون.
هێرشەكەی شەوى دووشەممە، سێیەم هێرشە بكرێتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی
كەمتر لە مانگێكدا لە بنكەی عەین ئەسەد.
بنکەی عەین ئەسەد دەكەوێتە رۆژئاوای عێراق و هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی
تری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێ جێگیر کراون.