سەردێڕ:

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە سودان؛ ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە

AM:08:41:07/08/2024

908 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو بارانبارینە بە خوڕەی رووی لە ناوچەکانی باکووری سودان کردووە، لە شاری ئەبو ئەحمەدی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران خانووش رووخاون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بارانێکی بەخووڕ رووی لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سودان کردووە و بەهۆیەوە هەزاران خانوو رووخاون، ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری چەند پزیشکێکی نەخۆشخانەکانی شاری ئەبو ئەحمەدی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، ١٧ کەس بەهۆی رووخانی ماڵەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، جگە لە رووخانی هەزاران ماڵ، سەدان دووکانی بازاڕی شارەکەش هەر بەهۆی بارانبارینەوە رووخاون و زەرەر و زیانێکی زۆر بەر خاوەن دووکانەکان کەوتووە.

هاوکات، دوێنێ سێشەممە، ناوەندی فیدراڵیی کاروباری فریاکەوتن لە سودان بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای مانگی رابردووەوە و لە حەوت ناوچەی وڵاتەکە، بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە، ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران خانوو و باڵەخانەش رووخاون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لە نێوان مانگەکانی ئایار و تشرینی یەکەم، سودان رووبەڕووی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو دەبێتەوە، کە ساڵانە زەرەر و زیانێکی زۆر بە خەڵکی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت کە لافاو تیایندا دروست دەبێت.













گەلەری