لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، بزوتنەوەکە رایگەیاند، یەحیا سینواریان وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکەیان دیاری کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، یەحیا سینواری فەرماندەی بزووتنەوەکەیان وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەیان دیاری کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ٣١ـی مانگی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان
لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە.
ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بە مەبەستی بەشداریکردن
لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی
کردبوو.
پێشتریش لە ١٠ـی نیسانی ئەمساڵ و لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا
بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ کوڕ و چەند نەوەیەکی ئیسماعیل هەنیە کوژران، رۆژی ٢٥ـی حوزەیرانیش،
لە بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیلدا کە ماڵەکەی ئیسماعیل هەنیە بە ئامانج گیرابوو،
خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە و زاوایەکی و ١١ کەسی دیکە کە بەشێکیان ئەندامانی خێزانەکەی
بوون، کوژران.