سەردێڕ:

پلاندانانی عێراق وادەی راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێریی دانیشتوانی دیاری کرد

PM:12:58:06/08/2024

1360 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر رادەگەیەنرێت و ئەنجامی کۆتاییش نزیکەی سێ مانگ دەخایەنێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق کە هەرێمیش دەگرێتەوە و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە ئامانجی ئاسانکاریکردنی پڕۆسەی سەرژمێرییەکە، بەپێی سیستەمی زانیاریی جوگرافی پێش کۆتایی ئەم مانگە دەست بە پێدانی ژمارە بە خانوو و باڵەخانە و دامەزراوەکان لەسەرتاسەری عێراق دەکەن و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەش کرد، ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییەکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ئەنجامی کۆتایی کە تەواوی وردەکارییەکان لەخۆدەگرێت، ماوەی نزیکەی سێ مانگ دەخایەنێت.

پێشتر، وەزارەتی پلاندانانی عێراق واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، فینلەندا، کەنەدا و چین راگەیاند بە مەبەستی تەواوکردنی کارەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق لە ئەمساڵدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوایین سەرژمێرى لە ساڵى ١٩٩٧ لە عێراق کراوە و بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ١٩ ملیۆن کەس بووە و سەرژمێرییەکە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا سەرژمێرى گشتى نەکراوە و بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێرى بکرێت و هەرێمیش دەگرێتەوە.













گەلەری