سەردێڕ:

کشتوکاڵی عێراق پڕۆژە یاسایەک بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵی رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت دەکات

PM:09:31:04/08/2024

1076 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم وەربەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا هەن بەتایبەت هەڵاوسانی نرخ و نەبوونی فرۆشگای ناوخۆیی بە ستانداردی بازرگانی نێوەدەوڵەتی گرفت لە عەمبارکردنی خۆراک، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش بە ئەنجومەنی دەوڵەت کردووە و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەهدی سەهەر بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ پێویستی بە پاڵپشتی هەیە بەتایبەت پاڵپشتی وەبەرهێنەرانی کەرتی کشتوکاڵ بۆ وەرگرتنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش بە ئەنجومەنی دەوڵەت کردووە و لەدوای ئەوەش رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن، کە پڕۆژە یاساکە تایبەتە بە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لەپێناو چارەسەری ئەو ئاستەنگییانەی کە رووبەڕووی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بووەتەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو بەربەستانەی لەبەردەم بەرهەمی کشتوکاڵدا هەن بریتین لە هەڵاوسانی نرخ و نەبوونی فرۆشگای ناوخۆیی بە ستانداردی بازرگانی نێوەدەوڵەتی.

ئەوەشی خستە روو، سەرەرای ئەوانە گرفت لە کۆگاکردنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە و لەو پڕۆژە یاسایەدا چارەسەر بۆ ئەو کێشانە دۆزراوەتەوە.













گەلەری