رۆژنامەی "هندستان تودەی" بڵاوی کردەوە، دوای پێنج رۆژ لە بارانبارینی بەخوڕ و رۆچوونی زەوی لە ویلایەتی کیرالا، ژمارەی گیانلەدەستدان بەوهۆیەوە بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە ٣٥٠ کەس.
ئەمڕۆ شەممە، رۆژنامەی "هندستان تودەی" بڵاوی کردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەنجامی ئەو بارانبارینی بەخوڕ و رۆچوونی زەوییەوە کە ماوەی پێنج رۆژە ویلایەتی کیرالای لە باشووری هندستان گرتووەتەوە بەرز بووەتەوە بۆ ٣٥٨ کەس.
ئاماژە بەوەش کراوە، زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە بێسەروشوێنن و تیمەکانی
فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا.
ئەوەش خراوەتە روو، بەپێی راپۆرتەکانی کەشناسی پێشبینی دەکرێت بارانبارینی
بەخوڕ لە ئەمڕۆ و سبەینێدا زیاتر ببێت و تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام بێت.
ئەوەش لەکاتیكدایە، ماوەی پێنج رۆژە بارانبارینی بەخوڕ ویلایەتی کیرالای
لە هندستان گرتووەتەوە و بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن
بوون.
پێشتریش، لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی
لافاو لە ویلایەتی کیرالا ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لە ساڵی ٢٠٢١ـیشدا بە هۆی داڕمانی
زەوییەوە ٢٥ کەس لە ویلایەتەکە گیانیان لەدەستدا.