سەردێڕ:

تەندروستیی عێراق: ٣٨٠ هەزار کەس لە یاسای بیمەی تەندروستی جێگیر کراون

PM:04:39:03/08/2024

1072 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی بەرنامەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا تایبەت بە یاسای بیمەی تەندروستی، لە بەغدا ٣٨٠ هەزار کەسیان لە یاسای بیمەی تەندروستیدا جێگیر کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییە تەندروستییەکان و لە چوارچێوەی بەرنامەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، پڕۆسەی تۆمارکردنی هاوڵاتیان لە یاسای بیمەی تەندروستیدا بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە نوێترین هەنگاوی وەزارەتی تەندروستیدا، ٣٨٠ هەزار کەس لە بەغدا لە یاسای بیمەی تەندروستیدا جێگیر کراون و ژمارەی بیمەی تەندروستیی نیشتیمانیان پێ درا.

باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر هاوڵاتییەک پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بێت، ئەوا تەنها بڕێکی کەمی تێچووەکەی دەدات و باقی تێچووەکەشی لە ئەستۆی حکومەتی عێراق دەبێت. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە دەستیان بە جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی لە وڵاتدا کردووە.

ئەوەشی خستە روو، وەک وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دیکەی یاساکە، بەوپێیەی رۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە وڵاتدا دەبێت.













گەلەری