وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا لە هێرشێکدا ٧٥ درۆنی ئاڕاستەی ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان کردووە. دەشڵێت، "سەرجەم ئەو درۆنانەمان تێک شکاندووە".
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، شەوی رابردوو هێزەکانی ئۆکرانیا لە رێگەی دەیان درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان.
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرجەم درۆنەکان کە ژمارەیان ٧٥ درۆن بووە، لە
رێگەی بەرگریی ئاسمانیی سوپای رووسیاوە خراونەتە خوارەوە، بە جۆرێک، ٣٦ درۆنیان لە
ئاسمانی شاری
رۆستۆڤ، ١٧ درۆنیان لە ئاسمانی شاری ئۆریۆل، نۆ درۆنیان لە ئاسمانی شاری بێلگۆرۆد،
هەشت درۆنیان لە ئاسمانی ناوچەی کۆرسک، دوو درۆنیان لە ئاسمانی ناوچەی ریازان و لە
هەریەکە لە ناوچەکانی فۆرۆنیگ و کراسنۆدار و دەریای ئازۆف، درۆنێکیان خستووەتە
خوارەوە.
ئەوەش خراوەتە روو، هێزەکانی ئۆکرانیا
بەردەوام لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری رۆژئاوای رووسیا
و زۆرینەی ئەو درۆنانەش پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، تێک دەشکێندرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ـەوە بە
فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، هێزەکانی ئەو وڵاتە چوونە ناو خاکی ئۆکرانیا
و چەند شارێکیان داگیر کرد، لەوکاتەشەوە تا ئێستا، جەنگەکە بەردەوامی هەیە و هەزاران
سەرباز و خەڵکی سڤیل لە هەردوو لا کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.