سەردێڕ:

بۆ ئاگربەست لە غەززە؛ جارێکی دیکە شاندێکی ئیسرائیل سەردانی قاهیرە دەکات

PM:10:12:02/08/2024

1668 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندێکی ئیسرائیل سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسر دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.


ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی دانوستانکاری بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسر دەکات.

ئاماژەی بەوەش کراوە، دوای گەیشتنی شاندەکە بۆ قاهیرە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی ئاگربەست دەست پێدەکەن.

ئەوە دوای ئەوە دێت، پاش پێشکەشکردنی رەشنووسێکی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە، گروپی چەکداری حەماس رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆکاری دواکەوتنی ئاگربەستەکانە و مەرجی نوێی بۆ رێککەوتنەکان زیاد کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل ستراتیجی دواخستن و درەنگخستنی ئاگربەست بەکاردەهێنهێت بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکە.

لەبەرامبەریشدا، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راگەیاندراوەکەی حەماسی رەتکردەوە و ئەوەی خستە روو، وڵاتەکەی هیچکام لە مەرجەکانی نەگۆڕیوە و وڵاتەکەی پابەندە بە مەرجە سەرەکییەکانی بۆ ئاگربەست کە خۆیان لە ئازادکردنی زۆرترین ژمارەی دیل و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر رێرەوی سنووری غەززە و میسر و رێگریکردن لە چەکدارەکانی فەڵەستین لە گەڕانەوە بۆ غەززە دەبینێتەوە.

هاوکات، بەپێی رەشنووسەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستەکە بە سێ قۆناغ دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا شەش هەفتە بە تەواوی ئاگربەست دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە و دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی دووەمدا، سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بە دیلە سەربازییەکانیشەوە و سەرجەم سەربازەکانی ئیسرائیل غەززە چۆڵ دەکەن و لە کۆتا قۆناغیشدا غەززە بنیاددەنێتەوە و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەدرێتەوە بە خێزانەکانیان.













گەلەری