سەردێڕ:

ئیسماعیل هەنیە لە قەتەر بەخاک سپێردرا

PM:12:57:02/08/2024

2864 جار خوێندراوەتەوە

تەرمی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و پاسەوانەکەی دوێنێ دوای ئەوەی لەلایەن گەلی ئێرانەوە نوێژی لەسەرکرا گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا نوێژی لەسەر کرا و بەخاک سپێردرا.


ئەمڕۆ هەینی، تەرمی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و پاسەوانەکەی کە دوێنێ گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لە رێورەسمێکدا نوێژی لەسەر کرا و بەخاک سپێردرا.

لەوبارەیەوە، گروپی چەکداری حەماس رایگەیاند، سەرکردەی گروپەکە لە گۆڕستانێک لە شاری لوسەیل لە باکووری دەوحەی پایتەختی قەتەر بەخاکدەسپێردرێت.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.

دواتر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی ناکەن هیچ جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت. جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، "کوشتنی هەنیە تیرۆرێکی سیاسی قبوڵنەکراوە".

هاوکات، خامنەیی رایگەیاند، هەنیە لە خاکی ئێراندا کوژراوە و ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتی تۆڵەکردنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت و بێدەنگ نابێت و دواتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا داوای کردووە وڵامی ئیسرائیل بدەنەوە.













گەلەری