سەردێڕ:

ئەمریکا ١٢ کەشتی جەنگی و چوار هەزار سەرباز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

PM:08:24:01/08/2024

1736 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا رایگەیاند، ١٢ کەشتی جەنگی و چوار هەزار سەرباز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بەمەبەستی رێگەنەدان بە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، کە ئەگەری هەیە لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیەوە سەرهەڵبدات.


بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" بە واشنتۆن پۆستی راگەیاندووە، ئەو کەشتییانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاستدا جێگیر دەکەن، کە کەشتی فڕۆکەهەڵگرن.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەمریکا چەند کەشتییەکی خۆی کە لە دەریای سووردا جێگیری کردبوون، رەوانەی کەنداو و دەریای ناوەڕاستی کردوون.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی میدیا جیهانییەکان، ئیسرائیل هۆشداری داوەتە حزبوڵا، کە هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەوان بۆسەر ئیسرائیل، دەبێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پێویستە هەموو لایەک بەرەوپێشچوونەکانیان رابگرن و میدیا جیهانییەکانیش بەوە لێکیان دایەوە، کە بلینکن ئەو پەیامە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات، بەتایبەت دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و فوئاد شوکری بەرپرسی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران لە هێرشێکدا کوژراوە.

هەر شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەش، لە هێرشێکدا فوئاد شکور بەرپرسی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کرایە ئامانج.













گەلەری