سەردێڕ:

ئیسماعیل هەنیە چۆن بە ئامانج گیرا؟

PM:10:09:31/07/2024

3448 جار خوێندراوەتەوە

کوشتن و شێوازی بەئامانجگرتنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لەناو جەرگەی تاران، پرسیاری زۆری، چونکە لەناو باڵەخانەیەکی سەر بە سوپای پاسداراندا دەمایەوە. بەپێی وتەی شڕۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی، رەنگە بریکاری مۆسادی ئیسرائیلی لە ناوخۆی تاراندا هەبووبێت، کە پێش بە ئامانجگرتنی هەنیە بەدواداچوونیان بۆ جموجۆڵەکانی کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیاکانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران بڵاویان کردەوە، کوشتنی ئیسماعیل هەنیە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی تاران و هێڵە سورەکانی بەزاندووە.

شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی لەبارەی کوشتنی هەنیەوە چیدەڵێن؟

لەبارەی چۆنیەتی بە ئەمانجگرتن و کوشتنی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس شڕۆڤەکارانی سەربازی و سیاسی باس لەوە دەکەن، هەنیە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە لیستی ئەو ئامانجانەدا بوو کە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە دیاریکرابوو و بەو شێوەیە جموجۆڵەکانی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە بە وردی چاودێری دەکرا.

ئاماژە بەوەش دەکەن، رەنگە بریکاری مۆسادی ئیسرائیلی لە ناوخۆی تاراندا هەبووبێت، کە پێش بە ئامانجگرتنی هەنیە بەدواداچوونیان بۆ جموجۆڵەکانی کردووە.

دەشڵێن، زۆر پرسیار هەیە سەبارەت بەو رووداوە کە تا ئێستا وەڵامیان نەدۆزیوەتەوە، نازانرێت کە هەنیە چۆن کراوەتە ئامانج و مووشەکەکە لە کوێوە هەڵدراوە و ئەنجامدەری هێرشەکە چۆن گەیشتووە ئەو ناوچە ئەمنییە هەستیارە.

ئەو مووشەکەی هەنیەی پێ بە ئامانج گیرا لە کوێوە هەڵدرابوو؟

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاوی کردەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی هانیە لە ناوچەیەکی باکووری تاران کراوەتە ئامانج، هەربۆیە ئەو مووشەکە لە دەرەوەی ئێران هەڵدراوە.

لە لایەکی دیکەوە کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی باسی لەوە کرد، ئەو مووشەکەی کە هانیە کردبووە ئامانج لەناوخۆی ئێرانەوە هەڵدراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان لە هێرشێکدا و لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە و ئیسرائیلیان بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد.













گەلەری