بەگوێرەی وێنەباڵێک (ئەنیمەیشنێک) کە لەلایەن ناوەندی ئاسمانی ناساوە بڵاوکراوەتەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ٩٨٩ ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی کەنەدا کەوتەوە، بووەتە هۆی داپۆشینی ئاسمانی کەنەدا و پلەکانی گەرما بەرزتربوونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی ناوەندی ئاماری کەنەدا، لەماوەی رۆژانی ١٧ بۆ ٢٦ـی تەمووز ٩٨٩ ئاگر لە ناوچەکانی باکووری کەنەدا کەوتووەتەوە، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری ئاسمانی ناوچەکە بەرەو رەشبوون چووە، لە ئێستاشدا هەوری پیرۆکومولۆنیمبوس ناوچەکەی گرتووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی
دووکەڵی ئاگرە زنجیرەییەکانی کەنەدا بەهۆی رەشەبا و بەرزی پلەکانی گەرماوە کاریگەری
زیاتر بووە و لە ئێستاشدا ئاگرەکە ناوچەکانی کۆڵۆمبی بەریتانی و ئالبێرتای گرتووەتەوە.
باس لەوەش کراوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە
ناسەقامگیرەی لەگەڵ ئاگرەکەدا هاوتابووە لەو ماوەیەدا ٢٠ هەزار بروسکە و ٣٨ هەزار
جوڵەی با لەو ناوچانەدا تۆمارکراوە.
ئەوەش هاتووە، "دووکەڵی ئاگرەکە
مەترسی بۆ تەندروستی ژیانی دانیشتوانی
ناوچەکە دروستکردووە، بۆیە داوایان لێکراوە کە ئاگاداری پێست و تەندروستیان بن لەکاتی
چوونە دەرەوەدا و ماسکیش بەکاربهێنن".
بەگوێرەی ئەو وێنەباڵە( ئەنیمەیشنەی)
کە ناسا بڵاویکردووەتەوە، ئاگرەکە لە دارستانی جاسپەر سەری هەڵداوە، بەڵام بەهۆی ئەو
شەپۆلە بایەی رووی لە ناوچەکە کردووە دووکەڵەکە تا ئاسمانی باکوور و رۆژهەڵاتی کەنەدا
درێژبووەتەوە.
پێشبینیش دەکرێت کاریگەری دووکەڵەکە
تا چەند مانگی داهاتوو لەسەر ناوچەکە بەردەوامی هەبێت، چونکە کاربۆنێکی زۆر لە بەرگە
هەوای کەنەدا بڵاوبووەتەوە، بۆ ئەومەبەستەش حکومەتی کەنەدا دەیەوێت لەرێگای گۆڕانکاری
لە جوڵەی هەورەکاندا ناوچەکە بپارێزێت.