سەردێڕ:

دوای ئەو هێرشەی ١٢ گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە؛ ئیسرائیل ناوچەکانی لوبنانی کردە ئامانج

AM:08:42:28/07/2024

2184 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان ئەنجام داوە، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی رۆژی رابردوو کە کرایە سەر ناوچەی جۆلان و تێیدا ١٢ هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدا. لەکاتێکدا گروپە چەکدارەکانی لوبنان رەتیان کردەوە کە دەستیان لەو هێرشەدا هەبووبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی عەرەبی بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانی لە یەک کاتدا کردە ئامانج.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو ناوچانە چەند کەسێک بریندار بوون کە برینەکانیان سووکە.

ئەو هێرشە دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر شارۆچکەی مەجدال شەمس لە ناوچەی جۆلان ئەنجام درا و بەهۆیەوە ١٢ هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکیان برینەکانیان سەخت بوو، ئیسرائیلیش گروپە چەکدارەکانی لوبنانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد. 

هاوکات، میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەستی بە وەرگرتنی وردەکاری تەواو لەبارەی رووداوەکەوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل و راوێژکاری ئەمنی و سەرکردەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان کۆدەبێتەوە.

لەدوای هێرشەکە، گروپە چەکدارەکانی لوبنان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، بە توندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە لەبارەی بەئامانجگرتنی مەجدال شەمس لە جۆلان بڵاوکراونەتەوە، جەختیان لەوەش کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشە ئاسمانییەکان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بەردەوامی هەیە.

بەپێی ئامارەکانیش، تاوەکو ٢٥ـی تەمموزی ئەمساڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٣٥٠ ئەندامی گروپە چەکدارەکانی لوبنان و زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کە رۆژنامەنووسیشی تێدا بووە. لەبەرامبەریشدا، ١١ هاوڵاتی مەدەنیی ئیسرائیل و ٢٠ سەربازی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری