سەردێڕ:

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک؛ ١٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدا

PM:09:15:27/07/2024

1916 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی مووشەکێک لە یاریگایەکدا لە ناوچەی جۆلان ١٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەرامبەریشدا گروپە چەکدارەکانی لوبنان رەتی دەکەنەوە کە دەستیان لەو هێرشەدا هەبێت.


میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، هێرشی مووشەکی بۆ سەر شارۆچکەی مەجدال شەمس لە ناوچەی جۆلان ئەنجام دراوە و یەکێک لە مووشەکەکان لە یاریگایەکی ناوچەکە کەتووەتە خوارەوە.

هاوکات، دەزگا تەندروستییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، بەپێی ئامارەکان لەو رووداوەدا ١٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون کە حاڵەتی مەترسیدارییان تێدایە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەستی بە وەرگرتنی وردەکاری تەواو لەبارەی رووداوەکەوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل و راوێژکاری ئەمنی و سەرکردەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان کۆدەبێتەوە.

لەبەرامبەریشدا، گروپە چەکدارەکانی لوبنان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە رەتکردەوە و لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، بە توندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە لەبارەی بەئامانجگرتنی مەجدال شەمس لە جۆلان بڵاوکراونەتەوە، جەختی لەوەش کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشە ئاسمانییەکان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بەردەوامی هەیە.

هاوکات، بەپێی ئامارەکان هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٣٥٠ ئەندامی گروپە چەکدارەکانی لوبنان و زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کە رۆژنامەنووسیشی تێدا بووە. لەبەرامبەریشدا، ١١ هاوڵاتی مەدەنیی ئیسرائیل و ٢٠ سەربازی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری