سەردێڕ:

کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق مانگرتنیان هەڵپەسارد

PM:02:14:09/07/2024

12052 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندییەوە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بڕیاریاندا لە سبەینێوە دەست بە مانگرتن بکەن، ئەمڕۆ ئەو کۆمپانیایانە رایانگەیاند، مانگرتنەکەیان هەڵپەساردووە.


کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق رایانگەیاند، مانگرتنیان تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەساردووە و لەگەڵ بانکی ناوەندی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا رێککەوتوون بۆ گرتنەبەری رێکاری نوێ.

ئەوەش دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی هات لەبارەی ئاڵوگۆڕی دراو لە فڕۆکەخانەکاندا، کە لە رۆژی ٤ی ئەم مانگەدا رایگەیاند، "لە رۆژی ١٤ـی تەمموزەوە سەرجەم گەشتیاران دەتوانن لە رێگای نووسینگەکانی پەیوەست بە مامەڵەداراییەکانی (رەیان، فنجان، سەما، قەند) لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ١٠٠ دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار وەبگرن".

ئەو بڕیارەش ناڕەزایەتی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لێکەوتەوە و باسیان لەوە کرد، "گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە تەنها چوار نووسینگە دیاریکراون".
لەبەر ئەو هۆکارەش بڕیاریان دابوو، لە سبەینێ چوارشەممەوە، دەست بە مانگرتن بکەن، ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا.
بەڵام لە ئێستادا و دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، مانگرتنەکەیان تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەساردووە و چاوەڕوانی رێکاری نوێن لە بانکی ناوەندییەوە.













گەلەری