سەردێڕ:

نەخۆشی سەدەف چییە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی بزانە

PM:11:55:25/12/2024

6000 جار خوێندراوەتەوە

سەدەف نەخۆشییەکی پێستە کە تێیدا پەڵەی سوور و توێژاڵی پێست دروستدەبن، ئەم پەڵانە بە گشتی لە ئەنیشک، ئەژنۆ، سەر و خوارەوەی پشتدا دروستدەبن، بەڵام دەکرێت لە هەر شوێنێکی دیکەی جەستەدا دروستببن.


لە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکەیان هەیە تەنیا پەڵەیەکی بچووکیان بۆ دروستدەبێت، ئەم پەڵانەش دەخورێن و ئازاریان هەیە.

بە گشتی ئەم نەخۆشییە دەکرێت لە هەموو تەمەنێکدا سەرهەڵبدات، بەڵام زیاتر لە کەسانی خوار ٣٥ ساڵدا پەرەدەسێنێت، توندی نەخۆشییەکەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت بەجۆرێک، لە هەندێک کەسدا دەکرێت تەنیا ناڕەحەتییەکی کەم دروستبکات، بەڵام لە بەشێکی دیکەدا کاریگەری لەسەر ژیانی کەسەکە دادەنێت.

سەدەف نەخۆشییەکی درێژخایەنە و ئەو کەسانەی کە هەیانە لەوانەیە ماوەیەک هیچ نیشانەیەکیان نەبێت، بەڵام لە ماوەیەکی دیکەدا نیشانەی توندیان بۆ دروستببێت.

سەدەف چۆن پەرەدەسەنێت؟

ئەو کەسانەی کە سەدەفیان هەیە خانەکانی پێستیان زیاد لە پێویست ژمارەیان زیاددەکات، بە شێوازێکی ئاسایی خانەکانی پێست هەموو سێ بۆ چوار هەفتەیەک نوێدەبنەوە، بەڵام لەو کەسانەی کە سەدەفیان هەیە خانەکانی پێست کۆدەبنەوە و پەڵە دروستدەکەن.

هەرچەندە میکانیزمی نەخۆشییەکە تاوەکو ئێستا روون نییە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن کە گرفتەکە لە سیستمی بەرگریدایە، چونکە لەم کەسانەدا سیستمی بەرگری بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی پێست.

سەدەف دەکرێت نەخۆشییەکی بۆماوەیی بێت، بەڵام هێشتا رۆڵی جیناتەکان لە هۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییەدا روون نییە.

لە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە، نیشانەکان کاتێک دەستپێدەکەن یان خراپتر دەبن کە پێست زەبرێکی بەربکەوێت یان کەسەکە تووشی هەوکردنی قوڕگ ببێت و هەندێک جۆری دیاریکراوی دەرمانیش هۆکارن.

سەدەف نەخۆشییەکی گوازراوە نییە و پێویست ناکات کەسانی چواردەور بترسن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم کەسانەدا.














گەلەری