بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی شاری غەززەیان کرد و تانکەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لەچەند ئاڕاستەیەکی جیاوازەوە چوونە ناو ناوەندی شارەکەوە، بە وتەی دانیشتوانی ئیسرائیلیش، ئەم هێرشە یەکێکە لە توندترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەدەستپێکی جەنگەکەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری توندی داوەتە دانیشتوان و ئاوارەکانی بەشێک لە ناوچەکانی کەرتی غەززە بۆ ئەوەی دەستبەجێ ناوچەکانیان چۆڵبکەن.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند،
ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی ژێرخانی چەکداری لە کەرتی غەززە دەست پێ دەکەن.
هاوکات، بەرگری شارستانی غەززەش رایگەیاند،
بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی تەل هەوا، سەبرا، دەراج، رمال و
تەفاح لە غەززە، نەیانتوانیوە بچنە ناو گەڕەکەکان و فریاگوزاری بۆ برینداران بکەن
و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بهێننەوە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، ئیسرائیل
قوتابخانەیەکی لە کەمپی نوسیرات بۆردوومان کرد کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان
بوو، بەپێی ئامارەکانیش هێرشەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٦ کەس. دوای هێرشەکە ئیسرائیل
ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو شوێنە وەک حەشارگە و ژێرخانی ئۆپەراسیۆن بەکارهێنراوە
کە لێیەوە هێرش بۆ سەر سەربازەکان ئەنجام دەدرا هەربۆیە بۆردوومانیان کردووە".
لەبەرامبەریشدا، بزووتنەوەی حەماس
باسی لەوە کرد، ئەو تۆمەتانەی ئیسرائیل رەت دەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن شەڕڤانانی
حەماس خۆیان لە دامەزراوە مەدەنییەکاندا حەشار داوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی ئیسرائیل
و حەماس پێی ناوەتە مانگی دەیەمەوە و بەهۆی بەردەوامی جەنگەکەش زۆرینەی دانیشتووانی
کەرتی غەززە ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بردووەتە بەر ئەو قوتابخانانەی کە
لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی
٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە،
بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکەش بریندار
بوون.