AM:04:23:05/07/2024
3204 جار خوێندراوەتەوە
پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی بەریتانیا بەردەوامە، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە و تا ئێستا لە پلەی یەکەمدایە، پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداریش دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە ئێستادا پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە پلەی یەکەمدایە و توانیویەتی ٤١ کورسی پەرلەمان و ٤٢.٥٪ی دەنگە جیاکراوەکان بەدەست بهێنێت.
هەرچی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارە، تا ئێستا تەنها چوار کورسی بەدەستهێناوە و خاوەنی ٢١.٥٪ی دەنگە جیاکراوەکانە.
هاوکات، پارتی لیبراڵ دیموکرات بە ٨٪ی دەنگەکان خاوەنی دوو کورسییە، پارتی ریفۆرمیش سەرەڕای ئەوەی ٢٠.٩٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەڵام خاوەنی تەنها یەک کورسییە.
لەلایەکی دیکەوە، کیر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە کاندیدی سەرەکی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی بەریتانیایە رایگەیاند، زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە متمانەیان بە پارتی کرێکاران کردووە و دەنگیان پێداون.
پەرلەمانی بەریتانیا لە ٦٥٠ کورسی پێکدێت و هەر پارتێک پێویستی بە ٣٢٦ کورسییە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت. لە کۆتا چوار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیاشدا، پارتی پارێزگارانی دەسەڵات بەردەوام دەنگەکانی کەمی کردووە و شکستی هێناوە، بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢١ـدا، پارتی پارێزگاران ١١٪ـی دەنگەکانی لەدەستداوە و لە پلەی یەکەمەوە دابەزیوە بۆ پلەی سێیەم، هەر بۆیە پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن، پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، دوای ١٤ ساڵ شکست بهێنێت و دەسەڵات لەدەست بدات.