سەردێڕ:

جارێکی دیکە حەماس و ئیسرائیل کۆدەبنەوە؛ ئاگربەست رادەگەیەنرێت؟

PM:10:11:04/07/2024

2000 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٧٠ رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا، بۆ سێیەم جار شاندی دانوستانکاری حەماس و ئیسرائیل کۆدەبنەوە و بە گوێرەی میدیا جیهانییەکانیش، گفتوگۆ لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستەوە دەکرێت. نوێنەرانی چەند کەمپێکی غەززەش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دۆخی مرۆیی ناوچەکە لە مەترسیدایە و پێویستە بە زوویی ئاگربەست رابگەیەنرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، بەمەبەستی ئاگربەستی کاتی بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان شاندێکی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لەکۆبوونەوەدان.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە زیاتر بێت لە دوو هەفتە ئاگربەست رابگەیەندرێت، چونکە دەبێت دیلەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت و لەوە زیاتر لە مەترسیدا نەبن.

باسی لەوەش کرد، ئەم ئاگربەستە تەنها لەپێناو دیلە ئیسرائیلییەکانە. وتیشی، " دەمانەوێت سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێنینەوە و لەوە زیاتر مەترسی لەسەر ژیانی ئیسرائیلییەکان نەبێت".

لە بەرامبەریشدا وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، ئەوان دەمێکە هەوڵی ئەنجامدانی ئاگربەست دەدەن بەڵام لایەنی بەرامبەر ئامادە نەدەبوو. وتیشی، " دەمانەوێت لەرێگای ئەم ئاگربەستەوە هەنگاو بنێین بۆ کۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان".

هاوکات، سەما عەبدول و یاسەمین فەیوم کە نوێنەری چەند کەمپێکی غەززەن لەو بارەیەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، " خەڵکی ناوچەکە بەهۆی دەنگی مووشەک و گوللـەکانەوە لە دۆخێکی قورسی ژیان و دەروونیدان و هیچ خۆراکێکی پێویستیش لەبەردەستدا نییە، هەربۆیە پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست بکرێت و ناردنی هاوکارییەکان زیاتر و خێراتر بکرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری