سەردێڕ:

دوای ٢٦٥ رۆژ لە جەنگ؛ ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوون لە غەززە گەیشتووەتە چەند؟

PM:08:37:27/06/2024

1280 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، دوای تێپەڕینی ٢٦٥ رۆژ بەسەر دروستبوونی جەنگی غەززە، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٣٧ هەزار و ٧٦٥. هاوکات، سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا ٦٦٧ سەرباز و ئەفسەری سوپای ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسڕائیلەوە لە کەرتی غەززە ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٢ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تێپەڕینی ٢٦٥ رۆژ بەسەر دروستبوونی جەنگی غەززە، ژمارەی قوربانییەکان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٣٧ هەزار و ٧٦٥ گیانلەدەستدان و ٨٦ هەزار و ٤٢٩ بریندار.

هاوکات، ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو بۆمب لەکاتی هێرشێکی ئیسڕائیل بۆ سەر شاری جینین لە رۆژئاوای کەرتی غەززە سەربازێکی ئیسڕائیل گیانی لەدەستدا و ١٧ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

لای خۆشیەوە سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە کە دەکاتە سەرەتای جەنگی غەززە تاوەکو ئێستا، ٦٦٧ سەرباز و ئەفسەری سوپای ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٤٤ سەرباز و ئەفسەری دیکەش بریندار بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە.













گەلەری