سەردێڕ:

تەندروستیی سعودیە: لەمساڵدا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ حاجی گیانیان لەدەستداوە

AM:09:05:24/06/2024

1508 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ حاجی لەکاتی ئەنجامدانی رێوڕەسمی حەج گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، فەهد جەلاجل وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، لەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر حاجییان بەهۆی گەرماوە دۆخی تەندروستیان تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، هەندێکیان تا ئێستاش چارەسەر وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی ئەو حاجییانەی لەمساڵدا لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و ٣٠١ حاجی.

باسی لەوەش کردووە، ٨٣٪ـی ئەو حاجییانەی گیانیان لەدەستداوە مۆڵەتی حەجییان وەرنەگرتووە هەربۆیە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر تیشکی خۆردا بەپێ رۆیشتوون، لەنێویشیاندا کەسانی بەساڵاچوو و توشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان هەبوون.

 

ئەوەشی خستووەتە روو، هەوڵە هاوبەشەکانی کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکانی حەج سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و هیچ پەتا و نەخۆشییەکی بەربڵاو تۆمار نەکراوە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا.

وەزیری تەندروستیی سعودیە وتیشی، لەدوای گەیشتنیان لە دەروازە سنوورییە ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەوە، یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار خزمەتگوزاری خۆپارێزی پێشکەش بە حاجییان کراوە لەوانەش کوتان و چاودێری پزیشکی و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەش، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بوون لە پێدانی هۆشداری بە حاجییان و کەسانی دیکە لە مەترسییەکانی بەرکەوتن بە فشاری گەرما لەڕێگەی پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی حەجی سعودیە، یەک ملیۆن و ٨٣٣ هەزار و ١٦٤ حاجی، فەریزەی حەجی ئەمساڵیان ئەنجام داوە، کە ٣٣ هەزار و ٦٩٠ حاجی خەڵکی عێراقن و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٦٨٥ یان نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن.














گەلەری