سەردێڕ:

هۆکارەکانی زۆربوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجییان لەمساڵدا چین؟

PM:05:44:22/06/2024

8980 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، بەپێی داتای نزیکەی ١٠ وڵات لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا لە سعودیە زیاتر لە هەزار حاجی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئاژانسی بی بی سی لە زاری بەرپرسان و حاجییانەوە هۆکاری گیانلەدەستدانی حاجییان بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی بی بی سی راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، یەکێک لەو هۆکارانەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی حاجییان بەرزی پلەکانی گەرمایە کە لە سعودیە سەروو ٥١ پلە تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی حاجییان دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی قەرەباڵغی لەژێر چادرەکان لەکاتی کارنەکردنی فێنککەرەوەکان و هەروەها خراپی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، کێشەی گواستنەوەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی گیانلەدەستدانی حاجییانی لێ دەکەوێتەوە کە زۆر جار حاجییان رێگایەکی زۆر بەپێ دەبڕن.

باس لەوەش کراوە، ئەنجامدانی حەج لەڕێگەی ڤیزای ساڵانەوە بەیەکێکی دیکە لەو هۆکارانە دادەنرێت، کە زۆرجار ئەو حاجییانەی گیانلەدەست دەدەن ئەوانەن کە بە ڤیزای ساڵانە حەجیان کردووە، چونکە ناویان تۆمار ناکرێت بۆ ئەنجامدانی حەج و هیچ خزمەتگوزاری و پاڵپشتییەکیان پێشکەش ناکرێت و دەبێت هەمیشە خۆیان بشارنەوە لە ترسی دەستگیرکردنیان.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، زۆری ژمارەی حاجییانی بەساڵاچوو و نەخۆش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی گیان لەدەستدانی حەجییان کە زۆرجار ئەو حاجییانەی گیان لەدەستدەدەن یان بەساڵاچوون یاخود نەخۆشن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی حەجی سعودیە، یەک ملیۆن و ٨٣٣ هەزار و ١٦٤ حاجی، فەریزەی حەجی ئەمساڵیان ئەنجام داوە، کە ٣٣ هەزار و ٦٩٠ حاجی خەڵکی عێراقن و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٦٨٥ یان نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن. تا ئێستاش بە کۆی گشتی ٢٦ حاجی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری