سەردێڕ:

وەستان لەسەر کێوی عەرەفات لە چییەوە هاتووە؟

PM:04:06:15/06/2024

3396 جار خوێندراوەتەوە

هەموو ساڵێک زیاتر لە ملیۆنێک موسوڵمان دەچنە سەر کێوی عەرەفات لە سعودیە تا گرنگترین روکنەکانی مەراسیمی حەج ئەنجام بدەن، بۆ ئەمساڵیش چوار هەزار و ٦٨٥ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، روویان لەو وڵاتە کردووە.


رۆژێک بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، حاجیانی ماڵی خودا روو لە کێوی عەرەفات دەکەن بۆ ئەوەی گرنگترین رێوڕەسمەکانی حەج ئەنجام بدەن کە بە وەستانی عەرەفە ناودەبرێت.

دوو بۆچوون لە پشت دیاریکردنی ئەو رۆژە و کێوی عەرەفات هەن، یەکەمیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە لە رۆژی عەرەفە، دوای دەركردنی دایك و باوكی مرۆڤایەتی (ئادەم و حەوا) لە بەهەشت، بۆ یەكەمجار لەو شوێنە لەسەر زەوی یەكتریان بینیوەتەوە، بۆیە بەو جێگایە وتراوە عەرەفە، بەڵام بۆچوونەكەی دیكە ئەوەیە، كە جوبرەئیل لەو شوێنە فەریزەكانی حەجی فێری پێغەمبەر ئیبراهیم كردووە.

وەستان لە کێوی عەرەفات تاکە مەراسیمی حەجە لە دەرەوەی حەرەمی مەککە بەڕێوە بچێت و تیایدا حاجیان لەگەڵ رۆژهەڵاتن تا کاتی رۆژئاوابوون دەچنە سەر کێوەکە و دەست دەکەن بە نزا و پاڕانەوە لە خودا، هەر بۆیە بە کێوی بەزەیی ناودەبرێت.

رۆژی عەرەفە پیرۆزترین رۆژی مانگەکانی کۆچیە و وەک شەوی قەدر لە رەمەزاندا پیرۆزە، هەر لەسەر کێوی عەرەفات بوو پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی ١٠ـی کۆچیدا وتاری ماڵئاوایی ئاڕاستەی موسوڵمانان کرد.

وەستان لە کێوی عەرەفات تاکە مەراسیمی حەجە لە دەرەوەی حەرەمی مەککە بەڕێوە بچێت، بەرزی کێوی عەرەفە ٣٠ مەترە و دەکەوێتە سەر رێگەی نێوان هەردوو شاری مەککە و تائیف و ١٥ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری مەککە هەڵکەوتووە و ١٠ کیلۆمەتریش لە میناوە دوورە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵانە و لە شەوی پێش رۆژی عەرەفە، بەرگی کەعبەی پیرۆز دەگۆڕدرێت و بەرگێکی نوێی بەبەردا دەکرێت.

حەج پێنجەم پایەیە لە پایەکانی ئیسلام و پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێک ئەگەر توانای دارایی و جەستەیی هەبێت یەکجار لە تەمەنیدا ئەنجامی بدات، تایبەتمەندێتی حەجی ئەمساڵ لەوەدایە، بۆ یەکەمجار خزمەتگوزاریی ئەمبوڵاسی ئاسمانیی دەخرێتە کار، ئەوەش بۆ هاناوەچوونی حاڵەتە کتوپڕەکان لەنێو حاجیان لە مزگەوتی حەرام و پێگە ئاینییەکان.

هەروەها لە رووی تەکنەلۆژییەوە، حەجی ئەمساڵ لە هەموو ساڵانی پێشووتر جیاوازترە و دەزگاکانی حکومەتی سعودیە پشت بە ئەپڵیکەیشنی زیرەک دەبەسترێت لە چاودێریکردنی ژمارەی حاجیان و رێکخستنی هاتوچۆ و بەڕێوەبردنی قەرەباڵغی، ئەوەش لە رێگەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی یەکگرتوو بۆ وەڵامدانەوەی خێرای فریاگوزاری.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی حەجی سعودیە، یەک ملیۆن و ٨٣٣ هەزار و ١٦٤ حاجی ئەمساڵ، فەریزەی حەجی ئەمساڵ ئەنجام دەدەن، کە ٣٣ هەزار و ٦٩٠ حاجی خەڵکی عێراقن و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٦٨٥ یان نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن.













گەلەری