سەردێڕ:

٢٥٠ رۆژ بەسەر شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا تێدەپەڕێت؛ زیاتر لە ٣٧ هەزار گیانیان لەدەستداوە

PM:07:38:12/06/2024

1176 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕینی ٢٥٠ رۆژ بەسەر هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٨ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و لەسەرەتای شەڕەکەشەوە ٣٧ هەزار و ٢٠٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەپێی ئاماری رۆژانەیان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لەئەنجامی هێرش و بۆردومانی ئیسرائیل ٣٨ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەرەتای شەڕەکەوە، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووە، تاوەکو ئێستا ٣٧ هەزار و ٢٠٢ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨٤ هەزار و ٩٣٢ کەسیش بریندار بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەشنووسە یاسایەکی پەسەندکرد کە بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە سێ قۆناغ و گواستنەوەی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە. هاوکات بەهۆی جەنگەکەوە تا ئێستا بە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوون.













گەلەری