سەردێڕ:

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە سلێمانی زیاتر لە ٥٠ دۆنم دارستانی دەستکرد سووتا

AM:09:11:11/06/2024

3296 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، شەوی رابردوو بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە گردی باخچەی رووەکی سلێمانی کە تایبەتە بەو دار و درەختانەی کە سروشتین و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانییە، زیاتر لە ٥٠ دۆنم دارستانی دەستکرد سووتاوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، شەوی رابردوو لە گردی باخچەی رووەکی سلێمانی کە دەکەوێتە نێوان پارکی هەواری شار و گوندی مەلاداود و رووبەرەکەی زیاتر لە ٢٤٠ دۆنمە، ئاگر کەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ٥٥ دۆنمی ئەو باخچەیە سەوزکراوە بە درەختی بەڕوو، گۆیژ، دارەبەن، چەقالە و چەند جۆرێکی دیکە لە رووەکی سروشتی کەلەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانییەوە ماوەی چەند ساڵێکە سەرپەرشتی دەکرێن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەی دوێنێ شەوەوە زیانێکی زۆری بەر کەوتووە.

لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری باخچەی رووەکی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاگرەکە لە بەشی پشتەوەی باخچەکە کەوتووەتەوە و ٨٠٪ـی ئەو ٥٥ دۆنمەی کە سەوز کراوە سووتاوە.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی باوە ئاگرەکە سەرجەم ئاگربڕەکانی بڕیوە و هەربۆیە بەشێکی زۆری ئەو رووبەرەی سەوز کراوە سووتاوە.

وتیشی، تا ئێستا نازانن هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە و بە مەبەست سووتێنراوە یاخود نا.

ئەوەشی خستە روو، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ئەو بەشەی بەرامبەر گوندی دارەبەنە سوتێنراوە بەڵام توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، تا ئێستاش کاریگەری زیانەکان لەسەر باخچەکە ماوە.
ئیحسان سابر - سلێمانی 
No description available.

No description available.















گەلەری