سەردێڕ:

کۆریای باشور دەبێتە وڵاتی پیرەکان

PM:07:56:25/12/2024

1828 جار خوێندراوەتەوە

کەمى رێژەى لەدایکبوون کێشەیەکی گەورەی بۆ وڵاتی کۆریای باشور دروست کردووە، بەپێی ئامارەکان لەکۆی ٥١ ملیۆن دانیشتوان زیاتر لە ١٠ ملیۆنیان تەمەنیان سەرو ٦٥ ساڵە کە ئەوەش رێژەی ٪ ٢٠ کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، بەپێی دواین ئامارەکانی کۆریای باشور، لە ئێستادا وڵاتەکە بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی لە دایکبوون کەوتووەتە ناو قەیرانێکی دیمۆگرافییەوە و لە کۆی ٥١ ملیۆن کەس زیاتر لە ١٠ ملیۆن هاوڵاتی وڵاتەکەی تەمەنیان گەشتووەتە سەرو ٦٥ ساڵ کە دەکاتە ٪ ٢٠ـی کۆی دانیشتوانی وڵاتەکە، ئەوەش کۆریای باشوری خستە ریزی ئەو وڵاتانەی دانیشتووانەکەی بەتەمەنن، بەوپێیەی هەر وڵاتێک رێژەی ٪ ٢٠ـی دانیشتووانیان تەمەنیان سەروو ٦٥ ساڵ بێت بە وڵاتێکی بە تەمەن دادەنرێن.

هاوکات، لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە حکومەتی وڵاتەکە لە رێگەی خۆی و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەوە هەوڵیانداوە لە رێگەی پاڵپشتی داراییەوە هانی خێزانەکان بە تایبەت ژنان بدات منداڵ بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیای بوویۆنگ بۆ خستنەوەی هەر منداڵێک ٧٥ هەزار دۆلاری دەدا بە خێزانەکان، جیا لەوەش حکومەتی سیئۆل چەندین دەستپێشخەری کرد لەوانە دابیکردنی خانوو بۆ ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیریی دەکەن لەگەڵ داشکاندنی کرێی چاودێریی منداڵ هاوکات پێدانی دوو هەزار ٢٥٠ دۆلار بەو خێزانانەی منداڵی تازەیان دەبێت.

کەمیى رێژەى لەدایکبوون و نەمانی گەنج کێشەی سەرەکی بەردەم دەستی کارە لە وڵاتان، حکومەتی سیئۆل و کۆمپانیاکان وڵاتەکەش توشی کێشە بوون و دەستی کار لە وڵاتەکەدا کەم بووەتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٧٢ نیوەی دانیشتوانی کۆریای باشور تەمەنی بۆ سەروو ٦٥ ساڵ هەڵدەکشێت.

 

 













گەلەری